pregnancy

ئێران دژی دۆمەینی KRD حكومەتی هەرێم دەوەستێتەوە


كورد - محمد نهرو

كۆماری ئیسلامی ئێران دژی دابینكردنی دۆمەینی (KRD.) بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان وەستایەوە، بەڵام نەیتوانی شكست بە پڕۆژەكە بهێنێت، ئەمەش بە پێی وتەی سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاری حكومەتی هەرێم.

لەماوەی رابردوو بەشێوەیەكی فەرمی لە رێگەی سایتی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هەواڵی كارابوونی دۆمەینێكی تایبەت بە كوردستان بڵاوكرایەوەو چەند سایتێكیش چوونە سەر ئەو راژەیە كە دۆت كەی ئاڕ دی (.KRD) ناسراوە.

هیوا ئەفەندی سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاریی حكومەتی هەرێم بە خەندانی راگەیاند "وڵاتێكی وەكو ئێران دژی وەستایەوە و نیگەرانی خۆی پێشاندا، بەڵام لەلایەن ئەو رێكخراوە جیهانییەوە رەتكرایەوە، هەربۆیە كارەكەش بەردەوامی هەبوو."

كۆماری ئیسلامی ئێران بەفەرمی داواكارییەكی بۆ ئایكان ناردبوو و "نیگەرانی جدی" خۆی دەربڕی بوو بەرانبەر بەو مۆڵەتەی ئەو رێكخراوە جیهانییە داویەتی بە فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاریی حكومەتی هەرێم و پێی وتبوون كێشە دروستدەكات و دەبێتە هۆی " گرژی سیاسی جدی ".

هەروەها لەو داواكارییەشدا ئاماژەیان بەوەدابوو بەشێك لە كوردە رادیكاڵەكان لە ئێران و عیراق و توركیا ماوەیەكە كەمپینێكیان دروستكردووە بۆ ئەوەی دەوڵەتێكی كوردی دابمەزرێت كە ئەمەش مانای ئەوەیە بەشە كوردنشینەكانی ئێران و توركیا جیادەبنەوە.

بیانووی كۆماری ئیسلامی ئێران ئەوەبووە كە ئەم دۆمەینە بۆ ئەوەیە ببێت بە ناسنامەیەكی نێودەوڵەتی بۆ كوردەكان.

سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاریی حكومەتی هەرێم وتی "ئەم جۆرە دۆمەینە تۆپلەرەو شتێك نییە لە دەست سیاسی یان كۆمپانیاكان بێت بەڵكو رەگ و ریشەی لەو شوێنانەیە كە دۆت كەم و نێت و ئۆرگیان لایە، هەمان ئەو رێكخراوانە سەرپەرشتی دۆت كەی ئاڕ دی دەكەن و هەمان سیاسەتیشی بەسەردا جێبەجێ دەكرێت كە لەلایەن ئایكانەوە سەرپەرشتی دەكرێن.

دوای ئەوەی حكومەتی هەرێم بوو بە خاوەنی ئەو دۆمەینە، كۆمپانیاكانی تایبەت بە بواری ئینتەرنێت ناتوانن بەبێ ئاگاداری حكومەتی هەرێم ئەو دۆمەینانە بفرۆشن. بەو پێیەی دۆمەینەكە فەرمییەو بازرگانی نییە.

سەبارەت بە پاراستنی داتا و زانیارییەكانی ماڵپەڕەكانی سەر بەم دۆمەینە، هیوا ئەفەندی وتی "دۆت كەی ئاڕ دی تەنیا ئەدرەسەو سێرڤەر نییە، خەڵك بڕیار دەدات دۆمەین و سێرڤەرەكەی لەكوێ بێت، ئێمە نە سێرڤەر دابیندەكەین نە پەیوەندیشمان پێوەی هەیە".

نزیكەی 400 ماڵپەڕ بەو دۆمەینەوە بەستراون كە بەشێكی زۆریان فەرمانگەو دام‌و دەزگاكانی سەر بە حكومەتی هەرێمن.

دۆت كەی ئاڕ دی (KRD.)  بەفەرمی بۆ كوردستانەو هەر كار و شتێك پەیوەندی بە كوردستانەوە هەبێت دەتوانرێت بخرێتە سەر ئەو دۆمەینە.

هەموو وڵاتێك دۆمەینی تایبەت بەخۆی هەیە، بۆ نمونە دۆمەینی عیراق بریتیە لە  (.IQ)هەروەها دۆمەینی ئیمارات برتیە لە (.AE)، بە دیاریكردنی دۆمەینی (KRD.) كوردیش بۆ یەكەمجار دەبێتە خاوەنی دۆمەینی خۆی ئەگەرچی دۆمەینەكە لە سێ وشە پێكهاتووە.

سەرۆكی فەرمانگەی تەكنەلۆژیای زانیاریی حكومەتی هەرێم وتی "راستە دوو پیت بۆ وڵاتە سەربەخۆكانە، بەڵام هیچ جیاوازییەكی نییە دوو پیت بێت یان سێ پیت".
دواوه‌